ساڵانە سێ بۆ پێنج هەزار منداڵی داون لەدایکدەبن

لەڕۆژی جیهانیی کۆنیشانی داون، نەتەوەیەکگرتووەکان رایدەگەیێنێت، ساڵانە لە هەزار منداڵ، یەکێکیان منداڵی داونە، واتە نزیکەی هەر ساڵێک سێ هەزار بۆ  پێنج هەزار منداڵی تووشبووی کۆنیشانەی داون لەدایکدەبن.

کۆنیشانەی داون ناڕێکییەکی جێنەتیکییە و منداڵ بە کڕۆمۆسۆمێکی زیادەوە لەدایکدەبێت، واتە لەبری ئەوەی 46 کڕۆمۆسۆمی هەبێت، 47 کڕۆمۆسۆمی هەیە.

کۆنیشانەی داون گۆڕانکاریی فیسیۆلۆژی، جەستەیی، هزری و جووڵەیی لە منداڵەکەدا دروستدەکات، سەرەڕای ئەوەی کە بەشێکیان کەسانی بلیمەت و داهێنەریان لێدەردەچێت و ئەگەر بە ئاستێکی بەرز لێهاتوویی فێربوون و راهێنانیان پێبکرێت.

بە گوێرەی دامەزراوەی پسپۆڕانی تیشک لە ئەمریکا، پشکنینی پێشوەختە بۆ دیاریکردنی منداڵی داون لەماوەی دووگیانیدا و لە سێ مانگی یەکەم و دووەمدا دەکرێت.

رووداو لە رۆژی جیهانیی کۆنیشانەی داون، چالاکییەکی خنجیلانەی بۆ بەشێک لە منداڵانی داون بە هاوکاری سەنتەری داون سیندرەم لە سلێمانی رێکخست و هەندێک لە منداڵەکان چالاکییە هونەرییەکانیان پێشاندا و بەشێکیشیان وەرزشیان ئەنجامدا.

دایکی منداڵێکی داون دەڵێت: لە سەرەتای تەمەنی منداڵە داونەکەمانەوە، پەروەردەی تایبەتمان فێرکرد و پاڵپشتیی تەواوی منداڵەکەمان بووین.

بێگەرد محەممەد، دایکی منداڵی داون دەشڵێت: دایک و باوکی منداڵی داون پێویستە پاڵپشتیی تەواوی منداڵەکەیان بن، هاوکات ئەوەش باسدەکات کە خێزانی منداڵانی داون پاڵپشتیی حکومی ناکرێن و لە هەرێمی کوردستان هیچ سەنتەرێکی پەروەردەیی بۆ منداڵانی داون نییە.

هێرۆ یاسین، بەڕێوەبەری سەنتەری داون سیندرەم لە سلێمانی دەڵێت: لە هەرێمی کوردستان کێشەی کەمیی پسپۆڕی پەروەردەی تایبەت هەیە و پسپۆڕی پەروەردەی تایبەت بۆ منداڵی داون کەمە.